شه‌هید دكتۆره‌ رباب له‌یاد ناكه‌ین

3/28/2018 12:15:32 PM

ڕۆژی 26ی ئازار كارمه‌ندانی ڕێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نیه‌تCDO مه‌راسیمێكی ماته‌مینیان بۆ شه‌هید دكتۆره‌ رباب أحمد ، ڕێكخست سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هید دكتۆره‌ رباب أحمد وه‌ سه‌رجه‌م شه‌هیدان و قوربانیانی جه‌نگ و ده‌ستی تیرۆر و ده‌ستی پێكرد. هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا به‌ختیار أحمد ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕێكخراوی CDO ووته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و ووتی "به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ دوا ماڵئاوایكردن له‌ هاوڕێ و هاوكارمان شه‌هید دكتۆره‌ رباب كه‌ ساڵانێكی زۆر وه‌ك ئێمه‌ له‌ خزمه‌ت ئاواره‌ و په‌نابه‌راندابوو" . له‌ ووته‌كه‌یدا به‌ختیار أحمد ووتی "دكتۆره‌ رباب كه‌سێكی دڵسۆز بوو له‌ كاره‌كه‌ی وه‌ له‌ شوێنێك كاری له‌گه‌ڵمان ده‌كرد كه‌ لایه‌نی ئه‌منی زۆر سه‌لامه‌ت نه‌بوو وه‌ له‌ شوێنێك كاری ده‌كرد كه‌ هه‌لی كاركردن بۆ پیاوان و ژنان چوون یه‌ك نه‌بوو به‌داخه‌وه‌ به‌و شێوه‌ تراژیدیه‌ گیانی سپارد كه‌ هێشتا خه‌ڵكی ئاواره‌وه‌ و په‌نابه‌ران پێویستیان به‌ خزمه‌تی ئه‌و بوو". له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا هیوای خواست كه‌ ئه‌مه‌ دواین خه‌می ڕێكخراوه‌كه‌مان و بنه‌ماڵه‌به‌ڕێزه‌كه‌یان بێت وه‌ دكتۆره‌ رباب دواین شه‌هید و قوربانی مه‌ده‌نی جه‌نگ بێت و ووتی "شه‌هید بوونی دكتۆره‌ رباب هانمان ئه‌دات له‌ خزمه‌تكردن به‌رده‌وام بین و نه‌وه‌ستین" . له‌ به‌شێكی تری مه‌راسیمه‌كه‌ كارمه‌ندانی ڕێكخراوی CDO مۆمی وه‌فا و ماڵئاواییان بۆ ڕۆحی دكتۆره‌ رباب داگیرساند. ڕۆژی شه‌ممه 24ی ئازار دكتۆره رباب أحمد ابراهیم ، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی و هه‌ردوو منداڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕێگای سه‌عدیه خانه‌قین شه‌هیدكران. وه ڕێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نیه‌ت CDO داوا له حكومه‌تی عێراقی و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كات كه لێكۆڵینه‌وه‌ی جدی بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه و تاوانباران ڕاده‌ستی یاسا بكرێن.


© Copyright 2016, All Rights Reserved

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azur