سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ ڕیکخراوی (سى دى ئۆ) ده‌کات

1/31/2018 8:28:32 AM

(تکایه‌ نامه‌که‌م بخوێنه‌وه‌)

سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێکی ڕیکخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نییه‌ت (CDO) ده‌کات


 دکتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سکرتێری په‌رله‌مان، له‌ نووسینگه‌ی تایبه‌تیی سکرتێر له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیى کرد له‌ شاندێکی ڕێکخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نییه‌ت (CDO).

له‌ دیدارێکدا لە 30ى کانونى دووەم نوێنه‌رانی ڕێکخراوى CDO  نامیلکەیەکیان  پێشکه‌ش به‌ سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان کرد له‌ژێر ناوونیشانی (تکایه‌ نامه‌که‌م بخوێنه‌وه‌)،  پرۆِژه‌که‌ کە ڕێکخراوى CDO به‌ هاوبەشى UNHCR ئەنجامیداوە زیاتر مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندتیژییه‌ له‌ سنووری هه‌رێمی کوردستان  ،كه‌ تیایدا په‌یامی ژماره‌یه‌ک که‌سی ڕزگاربوو له‌ توندوتیژیی له‌خۆگرتووه‌ ، به‌بێ جیاوازی ڕه‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌یی، له‌ سنووری هه‌رێمی کوردستان، پرۆِژه‌که‌ زیاتر ئاماژه‌یه‌ به‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌واوی جۆره‌کانی توندوتیژى، به‌ تایبه‌تی هاوکاری له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئاسووده‌یی ده‌روونی بۆ په‌ناباران و ئاواره‌کانی نیشته‌جێ له‌ هه‌رێمی کوردستان.

لای خۆشیانه‌وه‌ هه‌ریه‌ک له‌ جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان و سکرتێری په‌رله‌مان، پاڵپشتیی ته‌واوی خۆیان ده‌ربڕی بۆ هه‌ر جۆره‌ کارێکی مرۆڤدۆستانه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی توندوتیژیدا و پێیان راگه‌یاندن که‌ به‌دڵنیایه‌وه‌ ته‌واوی په‌یامه‌کان ده‌خوێنینه‌وه‌ که‌ له‌نامیلکەکه‌دا هاتووه‌و وه‌ڵامیشیان ده‌ده‌نه‌وه‌.

هەروەها نوێنەرانى ڕێکخراوى CDO لەناوهۆڵى کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستان نامیلکەکەیان گەیاندە پەرلەمانتارانى کوردستان لە سەرجەم فراکسیۆنەکان.


© Copyright 2016, All Rights Reserved

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azur