خەڵاتى ڕێزلێنان بەخشرایە ژنانى میدیاکار

3/8/2017 7:48:52 PM

خەڵاتى ڕێزلێنان بەخشرایە ژنانى میدیاکار

بەبۆنەى 8ى مارس ڕۆژى جیهانى ژنانەوە ڕێکخراوى گەشەپێدانى مەدەنیەت -CDO بە هاوبەشى گۆڤارى ژن مەگەزین و ڕێکخراوى IMS لە مەراسیمێکى تایبەتدا  کە لە هۆڵى سینەما سالم لە شارى سلێمانى بەڕێوەچوو چەند چالاکییەکى جیاوازیان ئەنجامدا


سه‌ره‌تایی مه‌ڕاسیمه‌که‌ بە ساتێک وەستان بۆ ژنانى قوربانى  ڕێگاى ئازادى و یەکسانى و گیانى شەهیدان  دەستى پێکرد .

 کورته‌ فیلمی مامه‌ڵه‌ی میدیا له‌گه‌ڵ ژن نمایشکرا، که‌  تایبه‌ت بوو به‌ مامه‌ڵه‌ی نه‌ گونجاوی میدیاو  بینه‌رو خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ژناندا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌ وێنه‌ چه‌ند وته‌یه‌کی له‌گه‌ڵدا بوو، پاشانیش ئاڵا له‌تیف وتاری هاوبه‌شی گۆڤاری ژن و CDO میدیا سه‌پۆرتی خوێنده‌وه‌، له‌ وتاره‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ ژنانی میدیاکار ئه‌رکێکی قورسیان له‌سه‌ر شانه‌، چونکه‌ ده‌بێت سه‌ره‌ڕای پێشکه‌وتنی خۆی خه‌می ژنانیش هه‌ڵبگرن، وتیشی گرنگه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ژناندا بکه‌ن، نابێت ژنان ته‌نها بۆ گه‌رمکردنی هه‌واڵ به‌کارنهێنرێت و ناکرێت ژنان به‌ هۆکاری توندوتیژی ناوزه‌ند بکرێن.

له‌ به‌شێکی تری مه‌راسیمه‌که‌دا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان  وتارێکی پێشکه‌ش کردو رایگه‌یاند: خۆشحالم له‌م ڕۆژه‌دا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌مدا به‌شدار ده‌بم، له‌حکومه‌تدا خۆم به‌ داکۆکاری ژنان ده‌زانم، وتیشی ژنان  به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ ئازارو مه‌ینه‌تیان  کێشا به‌تایبه‌ت ژنانی ئێزیدی، له‌م رێگه‌یه‌شدا ته‌نها ژنانی پێشمه‌رگه‌ شه‌هید نه‌بوون، به‌ڵکو میدیاکارێکی وه‌ک شیفا گه‌ردیش شه‌هیدبوو، له‌ کوردستاندا چه‌ندین هه‌نگاومان نا بۆ خزمه‌تکردنی ژنان، وه‌ک گۆڕینی یاساو کردنه‌وه‌ی هۆبه‌کان، هه‌روه‌ها ڕاشیده‌گه‌یه‌نێن که‌س له‌ سزا ڕزگاری نابێت که‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان ده‌که‌ن، وتیشی له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا ئاماره‌کانی توندوتیژی که‌م بۆته‌وه‌.

جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت  وتیشی: ئێستاش که‌سانێک هه‌یه‌ هێشتا به‌سێ کچه‌که‌ی رازی نیه‌و ده‌یه‌وێت کوڕی ببێت،بۆیه‌ ده‌بێت یه‌کسانی جێنده‌ر بێته‌دی.

هه‌ر له‌ مه‌ڕاسیمه‌که‌دا سۆما سالارو رۆژگار مه‌حمود چالاکیه‌کی هونه‌ریان پێشکه‌ش کردکه‌ رۆژگار به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌که‌ی چه‌ند گۆرانیه‌کی ره‌سه‌نی پێشکه‌شکرد.

له‌ به‌شێکی تردا  باس له‌ ژیان و ئه‌زمونی سه‌رکه‌وتنی میدیاکار شیفا گه‌ردی کرایه‌ باس و هه‌روه‌ها گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی تایبه‌ت به‌ ژیانی شیفا گه‌ردی نمایشکرا، له‌دوایشدا ئاڵا له‌تیف خه‌ڵاتی رێزلێنانی تایبه‌ت پێشکه‌شی بنه‌ماڵه‌ی شیفا کرد.

هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا کورته‌ فیلمێک نمایشکرا بە ناوى  به‌هه‌شت له‌تاریکدا که‌ تایبه‌ت بوو به‌ کاریگه‌ریه‌کانی شه‌ڕ، که‌ باسی له‌ دوو خۆشه‌ویست ده‌کرد، فیلمه‌که‌ بەرهمى کۆمپانیاى نورالغد بوو کە کۆمپانیایى کام پرۆدەکشن کارى دروستکردنى فیلمەکەى جێ بەجێ کردبوو .

لە بەشێکى ترى مەراسیمەکە گۆڤارى ژن مەگەزین خەڵاتى بەخشییە  چوار ڕۆژنامە نووس کە براوەى پێشبڕکێى باشترین ڕاپۆرت لەسەر ڕۆڵى ژن لە ئاشتى کۆمەڵایەتى  بوون.


لە هەمان کاتدا سەنتەرى کۆمەڵایەتى ڕێکخراوى گەشەپێدانى مەدەنیەت -CDO  کە هاوبەشە لەگەڵ UNHCR پێشانگایەکى کارى دەستى  بۆ چوار کچە هونەرمەند کردەوە .


له‌ کۆتایشدا خه‌ڵاتی  ڕێزلێنان بەخشرایە حەوت ژنە پەیامنێر لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کە لە ساڵى پاردا زۆرترین پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە  لەکاتى بەجێهێنانى ئەرکى ڕۆژنامەوانى خۆیان.


© Copyright 2016, All Rights Reserved

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azur